هەورامان نیوز
هەرێمی كوردستان بووە خاوەن سیستمێكی تایبەت بە ئاو كە چەندان داتا و زانیاریی گرنگ لە خۆ دەگرێت، ئەو سیستمە دیجیتاڵییە بۆ پێوانەكردن و چاودێریی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوییە، كە هەموو كوردستان پێكەوە دەبەستێتەوە و چركە بە چركە داتای سەرچاوەكانی ئاو تۆمار دەكات.
ئەمڕۆ سێشەم 27ـی كانوونی دووەم، كاروان سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاو، بە “وشە”ـی راگەیاند، ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێكە سەرگەرمی پڕۆژەیەكی مەزنین بۆ كوردستان، ئەویش دانانی سیستمێكی دیجیتاڵییە بۆ پێوانەكردن و چاودێریی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، كە هەموو كوردستان پێكەوە دەبەستێتەوە و چركە بە چركە داتای سەرچاوەكانی ئاو تۆمار دەكات.
زیاتر گوتی، سیستمەكە ناوی Kurdistan water resources data (KWRD) تیمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو و هەموو بەڕێوەبەرایەتیەكانی سەربە سەرچاوەكانی ئاو، زۆر ماندوو بوون بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە.
باسی لەوەش كرد، كۆمپانیای (گرین ستیزن)ی فڕەنسی، كونسوڵگەی فڕەنسا لە كوردستان و حكوومەتی فڕەنسا، پشتیوان بوون بۆ دابینكردنی ژمارەیەكی زۆر وێستگە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (ڤیسپ).
ئەوە سیستمە بریتییە لە كۆكردنەوە و شیكردنەوەی زانیاری لەبارەی بڕ، جۆر، پاكی و بەكارهێنانی ئاو لە ناوچەی دیاریكراو، بۆ نموونە ڕووبارەكانی دیجلە، فورات، زاب، ئاوی ژێرزەوی بیر و كارێزەكان و باران و هەوا و.. هتد.
لەو سیستمەدا بڕی ئاوی كەمبوون لە هاوین، بەكارهێنان ئاو بەرێژە بۆ كشتوكاڵ و خواردنەوە و پیشەسازی چەندە، هەروەها داتا و زانیاری لەسەر وشكەساڵی، بەفیڕۆدانی ئاو، چاكسازی سیستمی ئاودان، چاودێری بەردەوامی كوالێتیی ئاو، هۆشیاریی گشتی بۆ بەكارهێنانی ئاو لە خۆ دەگرێت.
س: wishe.net







