هەورامان نیوز
لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، كە وڵاتێكی فرەپێكهاتەیە لە رووی نەتەوە و مەزەو و ئاین و ئەتنییەوە، ئەو وڵاتە سەركردایەتییەكی هاوبەشی لە هەموو ئەو پێكهاتانە تا كاتی دانانی دەستوور و حكوومەت و پەرلەمانی نوێ بۆ دانرا، ئەوەش بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا، لەو ساتەوە تا ئێستە، واتە لە عێراقی نوێ، بینە وبەردە و ململانێی پێكهاتە و مەزەو و ئاینەكان بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕیوە، سیاسەتوان و مامۆستایەكی زانكۆ ئاماژە دەكات كە لە دوای رووخانی سەدام حوسێنەوە شیعە هەژموونی لە عێراق پەیدا كردووە.
عێراق بە گشتی لە سێ پێكهاتەی سەرەكیی پێك هاتووە، عەرەبی شیعە و سوننە و كورد، بۆیە سیستمی نوێی سیاسی و رژێمی فەرمانڕەوای عێراق لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی ئەوان پێك دێت، كەچی حزبە سیاسییە شیعەكان سوودیان لە زۆرینەی پێكهاتەی شیعە لە عێراق بینی و ویستیان بە هەنگاو خۆیان بەسەر پێكهاتەكانی تر و پەرلەمان و حكوومەت و بڕیارەكانی ئەو وڵاتە بسەپێنن، بەتایبەتی لە ساڵانی دواییدا كە رەنگە بە كاریگەریی ئێران، گوشاریان خستووەتە سەر سوننە و كورد و لەبری چارەسەركردنی كیشەكانیان، ئەو كێشانەیان گەورە كردووە، دوایینیان جێبەجێ نەكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، كە حكوومەتی چوارچێوەی شیعەی لەسەر بنەما پێك هات.
كامەران بابانزادە، سیاسەتوان و مامۆستای زانكۆ سەبارەت بە هەژموونی شیعە بەسەر فەرمانڕەوایەتی لە عێراق بۆ “وشە” ئاماژە دەكات، شیعە لە دوای رووخانی سەدام حوسێنەوە لە 2003، هەژموونی لە عێراق پەیدا كردووە، لەسەر بنەمای زۆرینە لە هەڵبژاردنەكان زۆرینە دێنێت و بەپێی دەستوور دەسەڵاتەكان وەك سەرۆكی حكوومەت بۆ ئەوانە، بۆیە لەو ساتەوە تا ئێستە شیعە هەژموونێكی گەورەی كردووە.
زیاتر گوتی، بەڵام لە رووی هەژموونی بەشیعەكردنەوە كە لێرە و لەوەێ باسی دەكرێت، پێم وا نییە هەژموونەكە ئەوەندە گەورە بێت كە سوننە لە خۆی بترسێت و قەناعەتی وابێت خەڵك دەبێتە شیعە، واتە بەشیعەبوون لە عێراق وەك مەزەو گۆڕین پێم وا نییە حاڵەتێكی زۆر بەربڵاو بێت و لەو روانگەیەوە مەترسییەكی گەورە بێت، بەڵام مەترسییەكە لە روانگەی سیاسییەوەیە، كە پێكهاتەكانیتر هەست بە مەترسی لەسەر خۆیان دەكەن بەوەی لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات پەراوێز خراون.
سەبارەت بە كاریگەریی شیعە لەسەر ئەو ترازانەی ناوماڵەكانیتری وەك سوننە و كورد گرتووەتەوە ئەو سیاسەتوانە دووپاتی لەوە كردەوە، قەناعەتم وا نییە، چونكە شیعە لەناو خۆشیدا لە رووی سیاسییەوە ناكۆكن و ململانێی جیا جیایان هەیە، سەیری موقتەدا سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بكە، دوو هێزی لێكجیاوازن، بۆ نموونە ناوماڵی كورد و سوننە خۆیان قابیلی ئەو تەفرەقەیەن كە تێی كەوتوون، واتە ئەگەر جموجۆڵێك لە عێراق بۆ پەرتەوازەكردنی پێكهاتەكان هەبێت، خواستێكی سیاسییە، راستە پارتە سیاسییە شیعەكان هەژموونی زۆر گەورەیان هەیە و دەشیانەوێ هەژموون بۆ سەر پێكهاتەكانی تر بكەن، ئەوە راستییە، بەڵام وەك هەژموونی سیاسی نەك مەزەوی، ئێستە لە عێراق حاڵەتێك دروست بووە، شیعەی سیاسی هەیە نەك شیعەی مەزەوی، شیعە سیاسییەكە مەترسییە بۆ سەر لایەنە سیاسییەكانیترەوە نەك شیعە مەزەوییەكە، بۆ ئەوەی خەڵك وا لێ بكات وەك شیعە بیر بكاتەوە لە رووی مەزەوە و ئەو شێوازانە لە دینداری پێڕەو بكات كە شیعە پێڕەوی دەكەن.
“بەڵێ شیعە سوودی لەو كارەسات و رووداوەكان وەرگرتووە و بەكاری هێناون بۆ جۆشدانی جەماوەری و كۆكردنەوەی بزاوێكی میلی لەخۆی، لەمێژە شیعە ئەو جۆرە ستایلەی هەیە، ئێستەش حزبە سیاسییە شیعەكان ئەگەر لە ناوەڕۆكدا عەلمانیش بن، بەڵام ناتوانن دەستبەراداری ئەو دستكەوتە گەورانە بن كە لە رێگەی راكێشانی سۆز و عاتیفەی رووداوە ئانییەكانەوە دەستیان دەكەوێت”، كامەران بابانزادە، سیاسەتوان و مامۆستای زانكۆ وا دەڵێت.
چاودێران پێیان وایە ئێستە حزبە سیاسییە شیعەكان بە سێ شێوازی كاركردن هەموو هەوڵێك بۆ خۆسەپاندن و باڵادەستیی لە عێراق دەدەن، لەلایەك بۆ شاردنەوەی ناكۆكییەكانیان، لەلایەكی تر بۆ پاراستنی دەستكەوت و دەسەڵات و حكوومەتەكەیان، لەولاشەوە بۆ گوشاركردن و لاوازكردنی حزبە سیاسییەكانی ناو پێكهاتەكانیتر.
ئەوان لە چەند رێگەیەكەوە دەیانەوێ مۆركی شیعایەتی بخەنە سەر عێراق، لەوانە ریچگرتن لە ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان و دەركەوتنی رێژەی راستەقینەیان، هاندانی رێوڕەسمی ملیۆنیی شیعە و پەخشكردنی دیمەنەكانی لەخۆدان لە دەیان كەناڵی ئاسمانییاتەوە، لە پەرلەمان هەوڵی هەمواركردنی یاسای باری كەسێتی دەركردنی یاسای جەعفەری دەدەن، هەوڵی سەپاندنی مەركەزیەت و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێم دەدەن، جیا لەوەی بەرانبەر بە سوننە و ناوچەكانیان دەیكەن.
س: wishe.net