ن/سۆران غفار
هەڵەبجە تەنها ناوێک نییە، بەڵکو سیمبولی مەزڵوومیەتی گەلی کورد و ناسنامەی قوربانیدانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هەموو ساڵێک لە یادی ١٦ی ٣دا، دەسەڵاتدارانی هەرێم بەڵێنی نوێ و دروشمی جۆراوجۆر دەدەن بە هاووڵاتیانی شاری هەڵەبجەی شەهید، بەڵام بەداخەوە هیچ کردارێکیان نییە و تەنها قسەی باقوبریقن.
پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا هەڵەبجە لە ئاستی شایستەیی خۆیدا خزمەت کراوە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر.
١. پرسی ناساندنی وەک پارێزگا: ئەگەرچی لە ناوخۆی هەرێمدا بڕیاری پارێزگابوونی دراوە، بەڵام هێشتا لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ڕێکارە یاسایی و داراییەکانی بە تەواوی کۆتایی پێنەهاتووە. ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمە فشارێکی ڕاستەقینە بخەنە سەر بەغدا بۆ تەواوکردنی ئەم پرسە، نەک تەنها وەک کارێکی ئیداریی سادە سەیری بکەن.
٢. فەرامۆشکردنی ژێرخان و تەندروستی: هەڵەبجە پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەیەکی بنەڕەتی هەیە. بواری تەندروستی (بەتایبەت بۆ بریندارانی چەکی کیمیایی کە هێشتا بەدەست ئازارەوە دەناڵێنن)، ڕێگاوبان و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان، ئەو کێشە سەرەکییانەن کە ساڵانە خەڵکی شارەکە داوای دەکەن و دەسەڵات گوێی خۆی لێ خەواندووە.
٣. قەرەبووکردنەوەی قوربانییان: دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرپرسیارن لەوەی دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی کەسووکاری شەهیدان و برینداران لە ئاستی نێودەوڵەتی و لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکەنە ئەولەویەتی کارەکانیان. ناکرێت خوێنی شەهیدان بکرێتە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردن.
٤. قوربانیی ململانێ حزبییەکان: هەڵەبجە بووەتە قوربانی ململانێی سیاسی نێوان حزبەکان، ئەمەش وای کردووە گەشەسەندنی شارەکە بە ئەنقەست خاو بێتەوە. هەڵەبجە پێویستی بە گریان و گوڵبژێر نییە، بەڵکو پێویستی بەوەیە لە شارێکی بریندارەوە بگۆڕدرێت بۆ شارێکی ئاوەدانی.چالاکوان و ئه ندام له ڕیکخراوی داکۆک.
سۆران غفار
3/3/2026 من وە کو چالاکوانیک له گه ڵ ئێش و ئازاری میله ته که م. ناتوانم بێده نگ بم له ئاست ئه م په راوێزخستنه.




