• هەواڵی بەپەلە

وادەی هاوتاکردنی مووچەی بەشێکی دیکەی خانەنشینان ڕاگەیەندرا

هەورامان نیوز

كۆمەڵەی خانەنشینان دەڵێت، “مانگی یەکی ساڵی 2025، مووچەی ئەو خانەنشینانە بە هاوتاکراوی خەرج دەکرێت، کە پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، ئەو مانگانەیش، کە لەمساڵدا جیاوازییەکەیان وەرنەگرتووە، بەیەکەوە بۆیان خەرج دەکرێت”.

ئیسماعیل موخڵیس، جێگری سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی خانەنشینان بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “دوێنێ بۆ پرسی ئەو خانەنشینانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون و مووچەیان هاوتا نەکراوە، سەردانی فەرمانگەی خانەنشینیمان کرد، بەڕێوەبەری خانەنشینان هەواڵێکی خۆشی پێ داین، کە بڕیار دەرچووە مووچەی هەموو ئەوانە هاوتا دەکرێت و جیاوازیی هاوتاکردنەکەشیان بۆ خەرج دەکرێت”.

باسی لەوەشکردووە، “لە مانگی یەکی ساڵی 2025، مووچەی ئەو خانەنشینانە بە هاوتاکراوی خەرج دەکرێت و ئەو مانگانەیش، کە لەمساڵدا جیاوازییەکەیان وەرنەگرتووە، بەیەکەوە بۆیان خەرج دەکرێتەوە”.

دوای هاوتاکردن، كەمترین مووچەی خانەنشینان لەنێوان 420 بۆ 600 هەزار دینار دەبێت.

ئیسماعیل موخڵیس، ئەوەشی خستەڕوو: “ئەو خانەنشینانە ساڵانی 2010 و 2011 و پێشتر دەگرێتەوە، ئەوان لە مانگی یەک مووچەیان هاوتا دەکرێت و جیاوازیی مووچەی شەش مانگی ئەمساڵیشیان بۆ خەرج دەکرێت، ژمارەشیان هەزاران خانەنشینە”.

لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 3ی تەمووزی 2024ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابووری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانی دا، بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ.

پێشتر د. هاوڕێ كەمال، راوێژكار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاندبوو، “پارەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەدرێت و تا ئێستا حكومەتی عێراقی پارەكەی نەناردووە، ئەو تەمویلەی بۆ مووچەی خانەنشینان زیاد بووە و بڕەکەی مانگانە نزیکەی 45 ملیار دینارە و سەرجەمی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کراوە و بەردەوامیش دەبێت”.

س: xelk.org

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین