هەورامان نیوز
كوژرانی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنانی لە مانگی ئەیلوولی 2024 گەورەترین گورزی ئیسرائیل بوو بۆ ئێران و بەرەی موقاوەمەت و گۆڕانكاریی گەورەی لە ناوچەكە دروست كرد، ئیسرائیل زانیاریی نوێ لەسەر كوشتنی ئاشكرا دەكات، بەوەی ئەمەریكا نەیویستووە و رازی نەبووە بە كوشتنی و بنیامین نەتنیاهۆش دوودڵ بووە.
بەپێی زانیارییەكان مایك هیرتسوغ باڵوێزی پێشووی ئیسرائیل لە واشنتن داوای لە حكوومەتی ئیسرائیل كردووە ئیدارەی ئەوكاتی ئەمەریكا لە بڕیاری كوشتنی نەسروڵا ئاگەدار بكەنەوە، بۆ ئەوەی لە میدیاكان گوێبیستی نەبن و تەنگژەیەك دروست نەبێت، بەڵام نەتنیاهۆ بەوە رازی نەبووە، بەڵام فەرماندەكانی سوپا و یواف غالانت وەزیری بەرگری سووربوون لەسەر ئەو كارە.
هیرتسۆغ دەڵێت، بڕیار درا بە ئاگەداركردنەوەی جاك سۆلیفان راوێژكاری ئەوكاتی ئاسایشی نەتەوەیی، بەڵام وەڵامی پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی نەدایەوە، دواتر بە بابەتەكەی زانی و توڕە بوو و گوتی ئێوە ئێمە وەك دەبەنگ دەردەخەن، بەڵام ئەو قسانە درەنگ بوون و كارەكە كۆتایی هاتبوو.
بەپێی راپۆرتەكان تاكە بەرپرسی ئەمەریكا بەر لە جێبەجێكردنی بە بڕیارەكەی زانیبوو لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەوكاتی ئەمەریكا بوو، غالانت پێی گوتبوو و ئەویش زۆر توڕە ببو، غالانت پێی گوتبوو، حەسەن نەسروڵا دەكوژین، گوتی كەی؟، وتم دوای چارەكە سەعاتێكیتر، بابەتەكەی بەدڵ نەبوو و بە توڕەییەوە گوتی، ئێوە بەو كارە شەڕ لە ناوچەكە دروست دەكەن، ئێوە دڵنیان نەسروڵا لەوێ دەبێت؟، پێم گوت قەناعەتێكی زۆرمان هەیە كە لەوێ دەبێت.
بارەگەی سەرەكیی حزبوڵا لە نهۆمی 14 لە ژێر زەوی بوو، هەواڵگریی ئیسرائیل لە 2006ەوە پلانی كوشتنی نەسروڵای هەبوو، بەڵام لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێكی گەورە جێبەجێی نەكردووە، لە كۆتایی ئەیلوولی 2024 زانیاری گەیشت بەوەی نەسروڵا بە نیازە بەشداری لە كۆبوونەوەیەك لە بارەگەكە بكات، سیخوڕێكی ئێرانی ساتی گەیشتنی نەسروڵای بۆ باشووری بەیرووت بە ئیسرائیل راگەیاند، كە بە هاوەڵی عەباس نیلفرۆشیان جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودس لە لبنان هاتوون، ئەوان چوونە ناوچەكە، بەتایبەتی گەڕەكی حریك.
بەپێی زانیارییەكان ئیسرائیل چوار سەعات زووتر بە كۆبوونەوەكەی نەسروڵای زانیوە، ئەگەرچی زانیاری تر هەیە بەوەی بەر لە چەند رۆژێك پێیان زانیە و بابەتەكە تاوتوێ كراوە و هەموو فەرماندە سەربازییەكانی ئیسرائیل لەسەری رازی بوونە، بەڵام نەتنیاهۆ داوای كردووە بیری لێ بكاتەوە، غالانت هەوڵی داوە رازی بكات، دواجار رێككەوتوون كە تا تەواوبوونی گوتاری نەتنیاهۆ لە نیویۆرك ئەو كارە جێبەجێ نەكەن.
وادەی گوتارەكەی نەتنیاهۆ لەبەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان سەعات شەشی ئێوارە بوو بە كاتی نیویۆرك، نەتنیاهۆ داوای كردبوو هێرشەكە بكەوێتە سەعات 6:30 خولەك، بەڵام غالانت دەیویست پێشی بخات، رێككەوتن كرا كە لە سەعات 6:15 خولەك ئەنجامی بدەن، واتە راستەوخۆ دوای هاتنەخوارەوەی نەتنیاهۆ لەسەر ستەیجی گوتاردان، بۆیە دوای هاتنەخوارەوەی پارچە كاغەزێكی لە سكرتێرە سەربازییەكەی پێ درا كە لەسەر نووسرابوو “جێبەجێ كرا”.
س: wishe.net