هەورامان نیوز
بڕیارە هەینی داهاتوو عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا بكات، چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بكەوێت و تاوتوێی دۆخی سووریا و پەرەسەندنە تەناهی و سەربازییەكانی دوایی ئەو وڵاتە بكەن، كە زیاتر لە هەفتەیەكە ژمارەیەك گرووپی چەكدار هێرشێكی فرەوانیان لە باكوری رۆژئاوای سووریا دەست پێ كردووە و لەپێشڕەویدان.
وەك ئاژانسی “تەسنیم”ی ئێرانی باسی كرد، دوو سبەی هەینی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراق دەكات بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان سەبارەت بە پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریا، ئەو لە بەغدا چاوی بە بەرپرسانی باڵای عێراق دەكەوێت بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە رووداوەكانی دوایی سووریا و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە.
ئاژانسەكە ئاماژەی كرد كە هەفتەی رابردوو عێراقچی گەشتێكی بۆ وڵاتانی ناوچەكە هەبوو، لەوانە سووریا و توركیا، لەوێ گفتوگۆی لەبارەی پەرەسندنەكانی دۆخی سووریا كرد، هەڵوێستی ئێرانی پێ راگەیاندن، لە سووریا چاوی بە بەشار ئەسەد، سەرۆكی ئەو وڵاتە كەوت، عێراقچی هێرشی گرووپە چەكدارەكانی بە بەشێك لە پیلانەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دانا، كە دەیانەوێ دۆخی ناوچەكە بشێوێنن.
سەرچاوەیەكی نزیك لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد كە تاران گوشاری خستووەتە سەر بەغدا بۆ دەستوەردانی راستەوخۆی سەربازی لە سووریا، لەو ناوەدا حكوومەتی عێراق چاوەڕوانی سەردانێكی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەینی داهاتوو دەكات بۆ لێكتێگەیشتن لەبارەی كاری هاوبەش بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخی سووریا.
سەرچاوەكە ئاماژەی كرد كە تاران وای دەبینێت كە سووریا رەهەندێكی ستراتیجی بۆ ئەو لە ناوچەكە هەیە، بۆیە هەوڵ دەدات سوود لە هەموو ئامرازێك ببینێت بۆ پارێزگاریكردن لە بوونی لەو وڵاتە، بۆیەش دەستی كردووە بە گوشاركردن لە عێراق و حكوومەتەكەی بۆ دەستوەردانی راستەوخۆی سەربازی لە دۆخی سووریا و ئەو شەڕەی لەوێ هەیە، بەهۆی نزیكیی جوگرافی و تواناكانی سوپای عێراق و شارەزایی لە شەڕی گرووپە چەكدارەكان.
س: wishe.net