پڕۆژەی رووناكی، ئەو پڕۆژەیە كە بە هۆیەوە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەبنە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی، بەڵێنێكی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو و هاووڵاتییان هیوایان وایە لە ماوەی كابینەی دەیەم، كە مەسروور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات، ئەو هیوایەیان بێتە دی.
یەكێك لە بەڵێنەكانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، ئەوەیە كە كوردستان بكرێتە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی و خەڵك رزگاریان بێت لە دوو جۆر كارەبای نیشتمانی و موەلیدە، هەموو كات ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە بە تامەزرۆییەوە كار بۆ ئەوە دەكات، قۆناغ بە قۆناغ سەرۆكی حكوومەت بەڵێنەكانی جێبەجێ دەكات و هاووڵاتییانیش چاویان لەوەیە لە كابینەی نوێی حكوومەت كارەبای 24 سەعاتییان بۆ دەستەبەر بكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم، 16ی شوباتی 2025، ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێم،
راگەیاند، پڕۆژەی رووناكی زۆر بە وردی كاری لەسەر دەكرێت، ئێستە ئەو پڕۆژەیە لە چەندین گەڕەكی هەولێر جێبەجێ كراوە و بەردەوامیش لە كاركردندایە.
روونی كردەوە، پڕۆژەی رووناكی لە 13 گەڕەكی جیاوازی هەولێر جێبەجێ كراوە و سەركەوتوو بووە، لە داهاتووشدا لە دهۆك و ناوچەكانی تر دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن و ئامادەكاریی بۆ كراوە، لە سلێمانیش كاری لەسەر كراوە بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێكردن.
لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل شارەزای ئابووری، گوتی، لە ماوەی كابینەی نۆدا زۆر بابەت و پڕۆژەی گرنگ هەبوون كاریان لەسەر كرا، لەوانە پڕۆژەی چاكسازی، كە قۆناغی باشی بڕی و بە چەند دۆسییەكە كار لەسەر مووچەی نایاسایی و مووچەی دووبارە كرا، هەروەها پڕۆژەی هەژماری من، جیا لەوانە سەرۆكی حكوومەت لە بەرنامەیدایە پڕۆژەی رووناكی، كە مەبەست لێی دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتییە بۆ هەموو هەرێمی كوردستان، جێبەجێ بكات و بیكاتە دەستكەوتێكی گەورە و خەونی خەڵكی كوردستان لەوەی ئێستە هەیە بەدی بێنێت.
روونی كردەوە، هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی شایەنی ئەوەن چیتر لەوەی ئێستە هەیە لە كێشەی بڕان و دوو كارەبایی رزگاریان بێت، كە لە هاوین و زستان رووبەڕوویان دەبێتەوە، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو كرانەوەیەكی زۆر باش كراوە و هەنگاوی گەورە نراوە، هەر بۆیە هەنگاوی داهاتووی هەرێم رزگاربوونە لەو دوو جۆر كارەبا و بەدەستهێنانی كارەبای 24 سەعاتییە بە هاوشێوەی وڵاتانی تر و بەهێزكردنی ژێرخانی كارەبا.
د. جیهاد حەسەن ئەندامی پێشوی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی كابینەی نۆ بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، زۆر بە وردی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی كارەبای 24 سەعاتی بۆ هەرێم دابین بكرێت، ئێستە ئەو پڕۆژەیە لە چەند شوێنێك جێبەجێ كراوە، وەك هەژماری من لە ماوەیەكی دیاریكراو بە تەواوی لە هەرێم جێبەجێ دەكرێت، كابینەی نۆیەم دەستكەوتی باشی هەبوو و خەڵك چاوەڕوانن كابینەی دە كاری گەورەتر بكات.
پێویستە بگوترێت، ئەمڕۆ دووشەم كەمال موسلیم وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی راگەیاند، هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی 2026 دەبێتە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی.
س: wishe.net