هەورامان نیوز
دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی دوو مانگ ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەوان رژانە سەر شەقامەكان، چاودێران پێیان وایە پێویستە گوشار و خۆپێشاندانەكان دژی بەغدا فراوانتر بكرێن، چونكە بێباكیی حكوومەتی فیدراڵی بەرانبەر مووچەخۆران گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار.
ئەمڕۆ چوارشەم، چواری كانوونی یەكەمی 2024، محەمەد ئیحسان، چاودێری سیاسی لەوبارەوە بە “وشە”ی گوت، دواخستن و دابەشنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغدا بە بیانووی جۆراوجۆر، گەیشتووەتە ڕادەیەك گوزەرانی هاووڵاتییان و موچەخۆرانی هەرێم لە دۆخێكی خراپدایە، بەغدا نیازێكی ڕوونی نییە كە مووچە دابەش بكات و هەر جارێك بە بیانوویەك مووچە دوا دەخات، لەكاتێكدا حكوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بووە مووچەی فەرمانبەران بەزوویی دابەش بكرێت.
باسی لەوەش كرد، لە بەرانبەر بێباكییەكانی بەغدا، كە یاریكردنە بە قووتی ملیۆنان مووچەخۆری هەرێمی كوردستان، پێویستە خۆپێشاندان و گوشارەكان لەسەر حكوومەتی فیدراڵی زیاتر بكرێن تا لەوە زیاتر مووچە دوا نەكەوێت و دۆخی هاووڵاتییان باشتر بكرێت، چونكە ناكرێت مووچەخۆرانی عێراق مانگانە مووچە لەكاتی خۆی وەردەگرن، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم دوو مانگ مووچەیان دوا بكەوێت، فەرمانبەرانی هەرێم شایستەی برسیكردن نین.
وشە/ هێمن عەبدوڵا
س: wishe.net