هەورامان نیوز
لە یارییەکانی ئەمڕۆی خولی بەڕازیلی، راهێنەری فولینێنسی ‘سووکایەتی’ بە مارسیلۆ دەکات و ناهێڵێت بچێتە ناو یاریگا، دەیگەڕێنێتەوە سەر کورسی یەدەک.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یارییەکانی خولی بەڕازیلی لە یاریی نێوان فلومینێنسی و گریمیۆ کە هەردوولا 2-2 یەکسانبوون، لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکە مانۆ مێنێزێس راهێنەری فلومینێنسی بڕیاریدا مارسیلۆ بەرگریکاری بەنێوبانگی بەڕازیلی بچێتە ناو یاریگا، کەچی دواتر پەشیمان دەبێتەوە.
لە خولەکی 90ـی یارییەکە کاتێک مارسیلۆ دەچێتە سەر هێڵی یاریگا بۆ ئەوەی بچێتە ناو یاریگا، راهێنەرە 62 ساڵانەکە یەخەی دەگرێت و دەبێتە دەمەقاڵیان، راهێنەرەکە بڕیاری خۆی دەگۆڕێت و بڕیار دەدات گۆڕانکاریی پێنەکات و دەیگەڕێنێتەوە سەر کورسی یەدەک و ناهیلێت بەشداریی یارییەکە بکات.
مانۆ مێنێزێس، راهێنەری فلومینێنسی دوای یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەبارەی هۆکاری گەڕانەوەی مارسیلۆ بۆ سەر کورسی یەدەک گوتی :’من بەنیاز بووم مارسیلۆ لە یارییەکە بەشداریی پێبکەم، بەڵام من هەندێک شتم بەدڵ نەبوو، بۆیە بڕیارمدا بڕیارەکەم بگۆڕم و جۆن کێنێدی بنێرمە ناو یاریگا بەشداریی یارییەکە بکات’.
هەوادارانی بەرگریکارەکەی پێشووی ریال مەدرید لە سۆشیاڵ میدیا هێرشێکی توندیان کردووەتە سەر راهێنەرەکەی فلومینێنسی و هەڵسوکەوتەکانیان بە ‘سووکایەتی’ لە قەڵەمداوە.
مارسیلۆ لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی 38 یاریی کردووە، لە 20 یاری سەرەکی بووە و لە نیوەی دووەم هاتووەتە دەرەوە، لە 10 یاریش وەکو یاریزانی یەدەک بەشداریی کردووە، لە خولی بەڕازیلی لەکۆی 17 یاری تەنیا هەزار و 49 خولەک یاریی کردووە.
فلومینێنسی لەم وەرزەی خولی بەڕازیلی بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ پلەی دوازدەمی خولەکە دێت، لە 32 یاری 10 بردنەوەی بەدەستهێناوە.
س: yariga.net