هەورامان نیوز
د.مەجید ساڵح
پاش بڵاوبوونەوەی کتێبی (سیستمی ناوەندگەرایی-Mediocracy) فەیلەسوفی کەنەدی (ئالان دێنۆ) زۆر بەخێرایی لە جیهاندا دەنگی دایەوە و بۆ چەندین زمانی جیهانی بە زمانی کوردییشەوە وەرگێڕا، بەڵام دکتۆر (مەشاعل عەبدولعەز) رێگەی بەخۆی داوە لە وەرگێڕانە عەرەبییەکەیدا ناوی کتێبەکە بگۆڕێ بۆ (نظام التفاهة) و وەرگێڕە کوردەکەش دکتۆر (رزگار ئاغا) لەسەر هەمان ئاراستە ناوەکەی گۆڕیوە بۆ (سەردەمی پڕوپوچی)، بەڕای من هەردوو ناونیشانەکە هەرچەندە لەگەڵ ناوە ئەسڵیەکەی کە (Mediocracy)یە ناگونجێ و بگرە پێچەوانەی ناوەڕۆکی کتێبەکەیە، ناهەقییەکی زۆرە هەم لە پرۆفیسۆر (ئالان دێنۆ) و هەم لە خوێنەری عەرەب و کورد کراوە. ئامانجی ئەم بابەتە، خستنەڕووی تێڕوانینێکی گشتییە لەسەر بۆچوونە سەرەکییەکانی (ئالان دێنۆ) لە کتێبەکەیدا و چۆن رێگەی دەرچوون لەم سیستمە دەبینێت.
(فەرمانڕەوایی ناوەندگەرا-Mediocracy) چییە؟
میدیۆکراسی، مەبەست لە (فەرمانڕەوایی ناوەندگەرا -Mediocracy) ئەو سیستمەی حوکمڕانییەیە کە تێدا ئەو کەسانە دەبنە دەسەڵاتدار، کە تواناکانیان مام ناوەندە و خەڵکانی پسپۆر و شارەزا، تێیدا جێگەیان نابێتەوە و دووردەخرێنەوە. (دێنۆ) رەخنەی قووڵ لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی دنیای سەرمایەداری دەگرێت، باس لە خراپی دیاردەی زاڵبوونی ئەم سیستەمە لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیان دەکات. (دێنۆ) پێیوایە، ئێمە لە سیستمێکی کۆمەڵایەتییدا دەژین تێیدا کەسانی خاوەن توانای مامناوەند، لەبری خەڵکانی جدی و لێهاتوو کاروبارەکانی وڵات بەڕێوەدەبەن. لەم کتێبەدا ئەوە دەخرێتەڕوو، کە چۆن ئەم دیاردەیە هەموو بوارە جیاوازەکانی گرتۆتەوە، هەر لە پەروەردەوە بگرە تا ئابووری و هونەر و کەلتور، چۆن سیستمی فەرمانڕەوایی ناوەندگەرایی بۆتە هۆی داخورانی بەها بنەڕەتییەکان و پاشەکشەی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە.
لە پیشەوە بۆ کار: گۆڕانی چەمکی کار
(دێنۆ)، بە شیکردنەوەی گۆڕانکاریی لە چەمکی کاردا دەست پێدەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرمایەداریی دڕندە جەوهەری کاری لە “پیشە” (craft) کە دەربڕی ئارەزوو و پسپۆڕی و داهێنانە، گۆڕیوە بۆ تەنها “کار” (job) کە تەنها ئامانجی دابینکردنی بژێوی رۆژانەی کرێکارە. ئەم گۆڕانکارییە، مرۆڤەکان دەکاتە تەنها ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی زیادەی بەرهەمهێنان، ئەمەش خزمەت بە گەشەی سەرمایە دەکات لەسەر حسابی بەهای راستەقینەی کار.
(دێنۆ) نموونەی فرۆشیاری رۆژنامە و کتێب دەهێنێتەوە کە خۆی ناخاتە ژێرباری خوێندنەوەیان، چونکە بۆ ئەو، تەنها سەرچاوەی بژێوییە و هیچی تر، ئەمەش نیشانەی نەبوونی ئارەزوو و زانیاری قووڵە لە بواری کارەکەیدا.
لە رۆشنبیرەوە بۆ شارەزا: پاشەکشەی رۆڵی زانکۆ
(دێنۆ) تیشک دەخاتە سەر رۆڵی گۆڕاوی دامەزراوە ئەکادیمی و پەروەردەییەکان، بەتایبەتی زانکۆکان، کە دەبوو قەڵغانێک بن لە دژی خراپی. لەبری دەرچوواندنی رۆشنبیرانی رەخنەگر کە بەشێوەیەکی کارا بەشداری لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا بکەن، زانکۆکان دەستیانکردووە بە بەرهەمهێنانی ئەوانەی (دێنۆ) ناویان دەنێت “شارەزا” یان “نیمچە شارەزا”، ئەم شارەزایانە، زۆرجار بۆ شەرعیەتدان بە ئۆلیگارشیای ئابووری و زیادەڕۆییەکانی دامەزراون. (دێنۆ) ئاماژە بە وتەی (ئێدوارد سەعید) دەکات بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە شارەزا پارەی پێدەدرێت بۆئەوەی بە شێوەیەکی دیارییکراو بیربکاتەوە، کە ئەمەش وای لێدەکات گومان لە کێشەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا بکات یان زیانەکانی تەندروستی جگەرەکێشان رەت بکاتەوە، لە پێناو بەرژەوەندییەکی دیاریکراودا.
(دێنۆ) ئاماژە بەوە دەکات کە سیستمی میدۆکرسی، دەبێتە هۆی پاشەکشەی بیرکردنەوەی قووڵ و تێڕامان، رێگە بۆ لایەنگریی تەکنیکی سادەکردنەوە و ستانداردکردنەوە دەکاتەوە. لە ئەنجامدا ئەوەی (دێنۆ) ناوی دەنێت “نەخوێندەواری لاوەکی” دروست دەبێت، کە کەسێکە خاوەنی زانیاری تەکنیکی و پراکتیکییە، بەڵام لە رووی فیکری و ئایدۆلۆژییەوە بەتاڵە، ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ کێشە فەلسەفی و تیۆرییە ئاڵۆز و قووڵەکاندا بکات.
جیهانی بازرگانی و ئابووری:
دڵی لێدانی بێ بایەخی
(دێنۆ) بنەماکانی تیۆری کلاسیکی لە ئابووریی سەرمایەداریدا رەتدەکاتەوەو پێیوایە، بازاڕ بە رەچاوکردنی ژیرانە بەڕێوەدەچێت. ئەو روونیدەکاتەوە کە چۆن دەرئەنجامە نەخوازراوەکانی ئەلگۆریتمەکان و تەکنۆلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکرد، ناڕاستی ئەم بنەمایانە ئاشکرا دەکەن. هەروەها تیۆری “دابەزینی سەرەوە” ئاشکرا دەکات کە بانگەشەی ئەوە دەکات، دەوڵەمەندی دەوڵەمەندەکان، بە شێوەیەکی خۆکارانە دابەزێتە سەر چینە کەم دەرامەتەکان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە راستی ئەم تیۆرییەی رەتکردووەتەوە، بەڵام هێشتا لەلایەن “نیمچە شارەزایان”ەوە کە بەرگری لێدەکەن، دەنگدانەوەی هەیە.(دێنۆ) لەوەش زیاتر دەڕوات و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەو هێز و گروپانەی دەبوو ببنە هێزێکی دژ بە دەسەڵاتی سەرمایە، رام و ملکەچ کراون. ئەو نموونەی سەندیکاکان دەهێنێتەوە کە رۆڵی خۆیان لە خەباتدا جێهێشتووە و بوونەتە هاوپەیمانی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان، تەنانەت زۆرێک لە سەرکردەکانی رێکخراوە سەندیکاییەکانیش، بوونەتە وەبەرهێنەر و خاوەن پشک. هەمان شت بۆ پارتە چەپەکانیش راستە، کە لە بەرگرییکردن لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی پاشەکشەیان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی نەبوونی جیاوازییەکی روون لە نێوان سیاسەتمەدارانی راستڕە و چەپڕەودا.
چۆن هونەر و کەلتور کرانە پیشەسازی؟
بوارەکانی هونەر و کەلتوریش لە سایەی دەسەڵاتی میدۆکراسی رزگاریان نەبووە و ئەو بەرهەمە هونەری و کەلتورییە بەنرخانەی کە بەهای باڵایان تێدایە، کەم بوونەتەوە. (دێنۆ) ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ زاڵبوونی لۆژیکی بازاڕی ئابووری لەسەر بەرهەمە هونەرییەکان. هونەر و کەلتور بۆ گەیاندنی پەیامێک بەکاردەهێنرێن کە خزمەت بە بەردەوامبوونی سیستەمی سەرمایەداری دەکات، بەتایبەتی لەژێر دەسەڵاتی خاوەن سەرمایەکان لەسەر میدیای گشتی و بازاڕی ریکلام. ئەم گۆڕانکارییە بووەتە هۆی پاشەکشەی سوودی گشتی و بڵاوبوونەوەی بەرهەمە هونەری و کەلتورییە بێ بایەخەکان.
چی بکەین بۆ رووخاندنی سیستمی بێ بایەخی؟
(ئالان دێنۆ) کتێبەکەی بەوە کۆتایی پێدەهێنێت کە ئێمە لەسایەی دەسەڵاتی “ئۆلیگارشی” (حوکمی کەمینە) یان “پلوتۆکراسی” (حوکمی دەوڵەمەندەکان)دا دەژین، نەک لەسایەی سیستمێکی دیموکراسی راستەقینە کە هەموو ئاراستە و بەرژەوەندییەکان لەخۆبگرێت. ئەو ئاماژە بە گەورەبوونی رۆڵی کۆمپانیا جیهانییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان دەکات، کە سەرچاوەکانی وڵاتانی باشوور لەژێر ناوی گشتگیریی وەک “حوکمڕانی” دەخۆن، ئەمەش دەسەڵاتی حکومەت و پەرلەمانە هەڵبژێردراوەکان لە ناوەڕۆکیان بەتاڵ دەکاتەوە و وایان لێدەکات تەنها رووکەشێک بن بۆ خاوەن سەرمایە بێ بایەخەکان کە زاڵن بەسەر جیهانەکەماندا.
(دێنۆ)، پێیوایە تاکە رێگە بۆ رووخاندنی فەرمانڕەوایی ناوەندگەرا، لە رێگەی “دابڕانی بەکۆمەڵ”ەوەیە، واتە کاری بە کۆمەڵ، نەک لە رێگەی هەوڵدان بۆ رزگاریی تاکەکەسی. ئەمەش پێویستی بە پەیڕەوکردنی رێگەکانی بیرکردنەوەی رادیکاڵ هەیە، کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە هەژموونی دامەزراوە و یاساکان کە زیان بە بەرژەوەندیی گشتی دەگەیەنن، دووبارە بنیاتنانەوەی سیستمێک کە لەسەر لێهاتوویی و بەها راستەقینەکان بونیاد نرابێت، لەبری فەرمانڕەوایی ناوەندگەرا.
س: www.knwe.org







