• هەواڵی بەپەلە

که‌رکووک و سڕینه‌وه‌ی هێما کوردییه‌کان

هەورامان نیوز

وه‌ک ده‌یان و سه‌تان جار و له‌ زاری ڕۆژنامه‌نووسی ئاسایی و سیاسه‌توانی به‌ ئه‌زموون و پسپۆڕ و مامۆستایانی زانکۆ‌وه‌ باس کراوه‌، که‌رکووک نه‌ک ته‌نیا دڵی کوردستانه‌، به‌ڵکوو گرێكوێرەی چاره‌سه‌ر و یه‌کلابوونه‌وه‌ی دۆزی کورده‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌که‌دا. واته‌ که‌رکووک کلیلی ڕزگاریی و سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستانه‌ و سه‌ربه‌خۆیی باشووریش هه‌نگاونانێکی پته‌و و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشه‌یی و بنه‌مایی له‌ پارچه‌کانی تری کوردستان و ته‌نانه‌ت دوور نییه‌ به‌هۆی گۆڕنکارییه‌ دوور و نزیکه‌کانی به‌رده‌ممان که‌ که‌م تا زۆر نیشانه‌کانی له‌ پاش هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆکراینا و سه‌ره‌ڕۆییه‌کانی ئێران و… خه‌ونی دروستبوونی فیدراسیۆنێک له‌ وڵاتانی ئازادبووی کوردستان /پارچه‌ جیاجیاکانی کوردستان/، ببینین. تا ئه‌وکاته‌ ئێمه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ڕیاڵپۆڵه‌تیک و ئه‌مری واقیع قسه‌ بکه‌ین و هه‌ر به‌و پێوه‌رە چالاکی بکه‌ین. 
 
هه‌ڵبه‌ت به‌ چاوبڕینه‌ ئاسۆی خه‌ونه‌کان، بابه‌تێکه‌ له‌ زانستی سیاسه‌ت و هه‌روه‌ها سیاسه‌تی پراکتیکیی وڵاتاندا، نامۆ و نه‌بوو نییه‌، به‌ڵکوو زۆربه‌ی وڵاتانی زلهێز له‌ کڵاوڕۆژنه‌ی ئه‌م “ئاسۆ”یه‌وە بووه‌ گه‌یشتوون به‌و پله‌یه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات و کاریگه‌ریی له‌ دنیادا. نموونه‌ی دیاری ئه‌مه‌ وه‌سیه‌ته‌کانی پیتری مه‌زن خاقانی ئه‌وکاتی ڕووسیای تیزاری بوو که‌ تا ئێسته‌یش که‌سێکی ئانارشیی وه‌ک ڤلادیمێر پووتین ڕه‌چاوی ده‌کات و له‌سه‌ر هه‌مان ڕێڕه‌و سیاسه‌ت ده‌کات و هێزی سه‌ربازی ده‌جووڵێنێت. ئه‌مه‌ بۆ به‌یاننامه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مەریکا و ئامانج و ئاسۆ و خه‌ونه‌کانی واژووکه‌رانی به ‌تایبه‌ت جۆرج واشینتۆن، هه‌ر ڕاسته‌، به‌هه‌رحاڵ نموونه‌ له‌ مێژوودا زۆر و زه‌وه‌نده‌.
 
به‌شێکی جه‌وهه‌ریی له‌ کێشه‌ی سیاسه‌ت له‌ کوردستاندا، بۆ هه‌ندێک حزب و له‌وانه‌ یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان، نه‌بوونی ئه‌م ئاسۆی خه‌ونه‌ یا با بڵێین به‌رته‌سکبوونی ئه‌م بینینه‌ی ئاسۆیه‌ یاخۆ بچووكی خه‌ونه‌کانه‌. هه‌رچه‌ند لانیکه‌م یه‌کێتیی ئێسته‌ ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه‌ که‌ ده‌توانێت له‌ به‌رته‌سکبوونی هێزی بینینی خه‌ونه‌کاندا، به‌ره‌و موزایه‌دە و فرۆشتنی خه‌ونه‌کان باز بدات و له‌ پێناو ژیانێکی شاهانه‌ی چه‌ند که‌س و گرووپێکی مافیایی و چه‌ند خێزان خه‌ونێکی مه‌زن و گه‌وره‌ی زیاتر له‌ 50 ملیۆن مرۆڤی کورد له‌ چوار وڵاتی دابه‌شکراودا، بفرۆشن و له‌گه‌ڵ خه‌ونی ژیانی خۆشگوزه‌ران و بازرگانیی بێ پێوه‌ر و حوکمڕانیی شارێک واته‌ سلێمانیی مه‌زندا، بگۆڕنه‌وه‌.
 
ئه‌مه‌ دیمه‌نه‌ سامناک و گشتییه‌که‌ی هێزێکی وه‌ک یه‌کێتییه‌ له‌ ده‌لاقه‌ی خه‌ونبینی و چاوبڕینه‌ ئاسۆی خه‌ونه‌کانه‌وه‌. نموونه‌ی دیاری ئه‌م سیاسه‌ته‌ لە که‌رکووک‌ وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ باسم کرد دڵی خوێناویی هه‌موو کوردستانی گه‌وره‌یه‌، ده‌بینرێت. 
 
موزایه‌ده‌کردن و مامه‌ڵه‌کردن به‌ که‌رکووکی موقه‌ده‌سه‌وه،‌ ئه‌گه‌رچی له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ ته‌قییه‌وه‌ و گورزێكی کوشنده‌ی له‌ ئیراده‌ی سیاسیی جه‌ماوه‌ریی واته‌ ده‌نگدان به‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان دا، /هه‌رچه‌ند ئه‌نجامه‌کانی ڕیفراندۆم تا سه‌تان ساڵیتر جێی بڕوا و ئیعتیبارت‌ هه‌م له‌ ڕای گشتی و هه‌م له‌ یاسا و سیاسه‌تی نێوه‌ده‌وڵه‌تی/دا، به‌ڵام مامه‌ڵه‌کردن به‌ کوردستانه‌وه‌ و به‌ تایبه‌تی که‌رکووک و گه‌رمیان،‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می مام جه‌لال و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ سه‌دام‌ که‌ مانگانه‌یه‌کی بۆ بڕیبوونه‌وه‌، ده‌رکه‌وت. ئه‌وانه‌یشی به‌ڵگه‌ی مێژووییان ده‌وێت با بڕۆن بیره‌وه‌رییه‌کانی مه‌لا به‌ختیار و پشکۆ نه‌جمه‌دین و هۆمه‌ری شێخ مووس و ئه‌وانیتر که‌ کادری باڵا و دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتین، بخوێننه‌وه‌. 
 
ته‌قینه‌وه‌ی ناپاکیی و ئاشکراکردنی ئه‌خلاقی سیاسیی دزێوی نیشتمانفرۆشی، زه‌وینه‌خۆشکه‌ریی سیاسه‌ته‌کانی ئێستەی باڤڵ تاڵه‌بانی و یه‌کێتین، له‌ پاش 16ی ئۆکتۆبه‌ر که‌ پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌ک سیاسه‌تێکی ناڕازیانه‌ و حه‌کیمانه‌ که‌رکووکی جێهێشت و یه‌کێتی به‌ حیسابی خۆی له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و گرووپه‌ فاشی و میلیشیاکان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی که‌رکووکیان گرتە ئه‌ستۆ، تا هه‌ڵبژاردنی دوایی و پیلانه‌که‌ی هوتێل ڕه‌شیدی به‌غدا و ده‌ستێوه‌ردانی ئیقلیمی بۆ خه‌ڵه‌تاندنی یه‌کێتی له‌ که‌رکووک. واته‌ پێدانی پۆستی پارێزگار و له‌کیسچوونی هەموو پۆسته‌ گرینگه‌کانی دیکه‌. 
 
كەواتە تا ئێسته‌ که‌رکووک بە دەستی یەكێتیدا لە مامەڵەدایە و ده‌فرۆشرێت و ده‌فرۆشرێته‌وه‌ و وه‌ک کارتی گوشار بۆ وه‌رگرتنی ئیمتیازی بچووکی بازرگانی و تاکه‌که‌سیی له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌ بەكار دەهێنرێ. 
 
دۆخی که‌رکووک له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ر و پاش ده‌رچوون و هه‌ڵاتنی د. نه‌جمه‌دین که‌ریم ڕه‌وانشاد له‌ بۆسه‌ی تیرۆری هێزه‌کانی یه‌کێتی، تا ئێسته‌یش که‌ به‌ناو پارێزگاره‌که‌ی یه‌کێتییە‌،  دۆخی خه‌ڵک، هێما و سیمبوله‌ کوردییه‌کان، ئاوه‌دانی شاره‌که‌، پێکه‌وه‌هه‌ڵکردنی پێکهاته‌ جۆراوجۆره‌ ڕه‌سه‌نه‌کانی ئه‌وێ و… نه‌ک چاکتر نه‌بووه،‌ به‌ڵکوو هه‌روه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا خراپتر بووه‌، ئێمه‌ چه‌ندان ساڵه‌ هه‌ر له‌ ڕێی میدیا عێراقییه‌کان و ته‌نانه‌ت میدیاکانی یه‌کێتیشه‌وه ‌/که‌ سیاسه‌تی میدیایی عێراقی ڕه‌چاو و پێڕه‌و ده‌کەن/ ده‌یان و سه‌تان جار ئاگەداری پێشێلکردنی مافی جووتیار و کاسبکاران و گه‌نجانی کورد بووین‌، ئه‌و دیمه‌نه‌ سامناکانه‌ی هاوشێوه‌ی فه‌له‌ستین و ئیسرائیلمان ده‌بینی که‌ ماڵه‌ هاورده‌ عه‌ره‌به‌کان به‌ چاوساغی و پێشه‌نگی هێزه‌ میلیشیا و فاشییه‌کانی عێراق، ژن و مناڵ و پیاوی کوردیان له‌ ماڵه‌کان وه‌ده‌ر ده‌نا و ته‌عه‌دایان لی ده‌کردن و جگه‌ له‌ خه‌ڵکی سه‌ربه‌رز  و به ‌شه‌ره‌فی که‌رکووک و هاتنه‌ سه‌ر خه‌رتی که‌سێکی به‌شه‌ره‌فی وه‌ک شاخه‌وان عه‌بدوڵا، یه‌ک که‌سی یه‌کێتی نقه‌ی لیوه‌ نه‌ده‌هات و ته‌نانه‌ت خۆیان بینه‌ر و شایه‌تحاڵی ته‌عه‌دا و ده‌سدرێژییه‌کان بۆ سه‌ر هێماکانی که‌رکووک و خه‌ڵک و خوای ئه‌و هه‌رێمه‌ پیرۆزه‌ی کوردستان بوون.
 
ئێسته‌یش كە پارێزگار کورده‌ با چاوێک به‌ هێما کوردییه‌کاندا بخشێنین، په‌یکه‌ر‌ی پێشمه‌رگه‌، هێمای ئازادیی و سه‌ربه‌ستی و شکۆی کورد، ڕه‌مزی به‌دیهێنانی ئه‌م نیمچه‌ئازادییه‌، ئایا ئاڵا پیرۆزه‌که‌ی کوردستان گه‌ڕێنراوه‌ته‌وە بۆی؟ یان سیماکانی حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیاکان و جه‌نابی فه‌خامه‌تیان قه‌یس خه‌زعه‌لییه‌کان ده‌که‌ن به‌ هێما و ڕه‌مز بۆمان! 
 
به‌و سیاسه‌ته‌ی یه‌کێتی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ئێستە هیچ شتێک جگه‌ له‌مه‌ چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرا، چونکه‌ وه‌ک وتم هێزێک که‌ ئاسۆی خه‌ونی نه‌بێت یان خه‌ونه‌کانی تووشی به‌وگۆڕان هاتبن و قیبله‌ی ئاواته‌کانیان له‌ کوردستانەوه‌ کرابێت به‌ به‌غدا و … هه‌ر ئه‌م پووکانه‌وه‌ هێواش و هاوکات له‌ناکاوه‌ و دۆڕاندنه‌ گه‌ورانه‌ی لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت!
ن/حەبیب ساڵحی
 

س: wishe.net

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین