هەورامان نیوز
کوژرانی ئیسماعیل ھەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە،
لەو چوارچێوەیەدا لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئاگاداری ڕاپۆرتەکانی کوشتنی ھەنیەن، بەڵام لەئێستادا زانیارییان نییە.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، کوشتنی ھەنیە پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و گەلی فەڵەستین زیاتر دەکات و دوپاتیشیکردەوە کە خوێنی ھەنییە بە ھەدەر ناڕوات.
ھەروەھا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئیدانەی کوشتنی ئیسماعیل ھەنیە دەکات و رایگەیاند، ئامانج لە تیرۆرکردنی ھەنییە فراوانکردنی جەنگی غەززەیە بۆ جەنگێکی ھەرێمی.
ڕوسیاش کوشتنی ھەنییەی بە تیرۆرێکی سیاسی ناوبرد و دووپاتیکردەوە کە کوشتنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس بەو شێوازە قبوڵکراو نییە.
ھەروەھا مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین ئیدانەی کوشتنی ھەنیەی کرد و رایگەیاند، کوشتنی ھەنیە کارێکی ترسنۆکانەیە و پێشھاتێکی مەترسیدارە. حوسیەکانی یەمەنیش ئیدانەی کوشتنی ھەنییە دەکەن و بە کردەوەیەکی تیرۆریستی قێزەون ناوی دەبەن.




