هەورامان نیوز
د. حوسێن موحەممەد عەزیز
بەشی یەکەم
ئێمەی کورد، سەردەمێ تێکەوتووین، وەک دەڵێن: ماسییە گەورەکان، ماسییە چکۆلەکان قووتدەدەن. (ئەمریکا) دەسەڵاتێکی گەورەی نێونەتەوەیی هەیە و هەڕەشە دەکا، ڕێنمایی نوێ بڵاودەکاتەوە و دەست لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردەدا، خاوەنی بڕیار و دیاریکردنی چارەنووسی گەل و دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە. چونکە ئەو هێز و دەوڵەتانەی لە ناوچەکەدا هەن، زۆر بە هێز و گەورەش بن، لای (ئەمریکا) و هاوپەیمانەکانی، هیچ بایەخێکیان نییە و جێگەی مەترسی نین.
ئایا لەم قۆناغە ناسک و پڕ مەترسییەدا، سەرانی پارتەکانی باشووری (کوردستان) بە تایبەتی و بەشەکانی دیکە بە گشتی، چی بکەن و چ جۆرە هەنگاوێکی گرنگ بنێن، بۆئەوەی هەلەکەمان لە کیس نەچێ و زۆرترین کەڵکی لێ وەربگرین؟! پێموایە، پێش هەموو شتێک دەبێت زۆر بە باشی ئاگاداری ئەو ڕەوشە نوێیە بن، لەبەر ڕۆشنایی ئەو بار و دۆخە نوێیەدا هەنگاوبنێن و بڕیاربدەن، بەرژەوەندی باڵای گەلی کورد لە پێش هەموو جۆرە بەرژەوەندییەکی سەرکردە، بنەماڵە و پارتایەتی تەسکەوە دابنێن، ئەگینا گەر وا نەبێت، ئەوا ماسییە گەورەکە، چاوە زەقەکانی کراوەیە و هەموو ماسییە چکۆلانەکانی ناوچەکە هەڵدەلووشێ!
ئەز کاتێ ئەم دید و بۆچوونە دەردەبڕم، تەنیاوتەنیا بۆ ئەوەیە، بە هەموومان ئەم ئەزموونە بپارێزین، کەموکوڕییەکانی بنەبڕبکەین، بەرەو پێشەوەی بەرین و بەهێزتری بکەین. هەرچەندە ڕووی دەمم لە لێپرسراوانی هەرێمەکە دەکەم، بەڵام منیش ڕۆڵەیەکی ئەم گەلەم، بۆیە پڕ بە گەرووم هاواردەکەم و دەڵێم: با بە هەموومان، فریای پاشەڕۆژی ئەم ئەزموونە گرنگە بکەوین و کات بە خۆڕایی بەفیڕۆ نەدەین. چونکە گەر بوومەلەرزە گەورەکە، لە ناوچەکەیدا، پێش هەموو لایەن و گەلێک، خۆمان و نیشتمانەکەمان وێراندەبین و ئەزموونەکەشمان دەڕوخێ. ئەو کاتەش هاوار و پەنابردنە بەر هەرچی هێز هەیە، هیچ کەڵکێکی نابێ.
بۆیە پێویستە، بەرژەوەندی باڵای نەتەوەی کورد، لە پێش هەموو جۆرە بەرژەوەندییەکانی دیکەی بنەماڵە، پارتایەتی تەسک، ئایدۆلۆژیای جۆراوجۆر، بیانیپەرستی، ئایین و ئایینزایەکەوە دابنرێت. چونکە گەر وا نەبێ، هەموو پێکەوە و پێکڕا، بە یەک دەنگ و بە یەک ڕەنگ خۆمان نەنوێنین لەم قۆناغە ناسک و ئاڵۆزەدا و داوای مافە ڕەواکانی گەلەکەمان نەکەین، ئەوا دوور نییە، ئەوەی هەشمانە لە دەستی بدەین و تا یەک سەدەی دیکە هیچ بە هیچ نەکەین، وەک چۆن دوای یەکەمین جەنگی جیهان، هەلە زێڕینەکەمان لەکیس چوو، کەڵكمان لە ڕێککەوتنامەکەی (سایکس بیکۆ) وەرنەگرت و ڕێککەوتنامەی (لۆزان) جێی گرتەوە، نەتەوەی کوردیش، دەستی لە بنی هەمانەکەوە دەرچوو!
ئاخر فەرمانڕەوایانی دەوڵەتە عەرەبییەکان بە گشتی و (کوردستان) بە تایبەتی، هێندەی هەوڵ بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و جێگیرکردنی نەوەکانیان لە دەسەڵاتدا دەدەن، هێندە هەوڵ بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی وڵاتەکانیان نادەن، نموونەی قسەوباسی سەربازی و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لە (سووریا) و باشووری (کوردستان)یش، ئەم ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێ.
س: hawlati.co