هەورامان نیوز
ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی عێراق لە 4ی ئەیلولی 2024، کە لە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو واتە ساڵی ٢٠٢٥ بە کۆتایی هاتنی کاری پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ چاودێریکردنی جوڵەی دۆلار و گواستنەوەی دراوی ئەمریکی بۆ دەرەوەی وڵات، خاڵی وەرچەرخانە لە سیاسەتە داراییەکانی عێراق .
پێشبینی دەکرێت ئەم بڕیارە ببێتە هۆی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە میکانیزمەکانی گواستنەوەی دارایی، و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕ و سەقامگیری دارایی هەبێت جگە لەوەش ئەم بڕیارە تەحەدای نوێ بۆ کەرتی بانکی دروست دەکات، و پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی ورد هەیە بۆ کاریگەرییەکان و چارەنووسی ئەو بانکانەی کە ناتوانن تێکەڵ بە سیستەمی نوێ بن و ئەو تەحەددایانەی کە ڕەنگە حکومەت ڕووبەڕووی ببێتەوە لە جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکارییانە.
سەفوان قوسەی پسپۆڕی کاروباری ئابووری و دارایی دووپاتی دەکاتەوە کە میکانیزمی نوێی گواستنەوە کە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت، کاریگەری نەرێنی لەسەر بازرگانیە رێگەپێدراوەکان نابێت.
دەشڵێت، هاتنە ناوەوەی بانکی ناوەندی عێراق و یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا وەک دەزگای چاودێری، و ڕاسپاردنی کارەکانی گواستنەوە بۆ بانکە عێراقییەکان کە پەیوەندییان لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییە گەورەکانی وەک (سیتی بانک) و (جی پی مۆرگان) هەیە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ خێراکردنی کارەکانی گواستنەوە و رێگەگرتن لە دەستکاریکردنی داتاکان.
نەهێشتنی بازاڕی هاوتەریب
قوسەی دەشڵێت، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی نەهێشتنی بازرگانی نایاسایی کە پەیوەستە بە کڕینی دۆلار لە سەرچاوەی نافەرمی، یان ئەوەی بە بازاڕی هاوتەریب ناسراوە.
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو بانکانەی ڕووبەڕووی سنووردارکردن دەبنەوە لە مامەڵەکردن بە دراوی بیانی لە ئێستادا لەلایەن ئۆلیڤەر وایمانەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، بە ئامانجی پەرەپێدانی تواناکانیان لە بواری گواستنەوەی داراییدا.
ئەو پسپۆڕە ئابوورییە جەختی لەوە کردەوە کە میکانیزمە نوێیەکە دابینکردنی دۆلار بە ڕێژەیەکی فەرمی دیاریکراو مسۆگەر دەکات، ئەمەش هەر نیگەرانییەک لەبارەی پارەدارکردنی بازرگانی نایاسایی لادەبات، ئاماژەی بەوەشکرد، بازاڕی هاوتەریب بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان بەهۆی ڕێوشوێنە توندەکان .
قوسەی داوای لە بازرگانانی نافەرمی کرد لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بۆ مامەڵەکردن هەنگاو بنێنن.
لە سەرەتای ساڵی 2023، عێراق پەسەندکردنی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ چاودێریکردنی فرۆشتنی دۆلار و ئۆپەراسیۆنەکانی سپیکردنەوەی پارەی ڕاگەیاند، دوای هۆشدارییەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا، هەروەها دوای سزادانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ چەند بانکێکی ناوخۆیی بەهۆی “تێوەگلانیان” لە کردەوەی گوماناوی.
چاوەڕوانییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ
لای خۆیەوە، نەبیل جەبار ئەلتەمیمی، شارەزای بواری ئابووری هۆشداریدا لەوەی گۆڕان بۆ میکانیزمێکی نوێ بۆ حەواڵەی بانکی لە عێراق ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی کاتی نرخی دۆلار لە ماوەی داهاتوودا.
ڕۆژی 7ی شوباتی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دەستەی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی عێراقی پەسەند کرد بۆ هەموارکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، بەپێی ئەمانەی خوارەوە:
ئەلتەمیمی ڕوونیشیکردەوە، بانکی ناوەندی عێراق کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە پشتبەستن بەو پلاتفۆرمەی ئێستا بۆ گواستنەوە، و هەنگاونان بۆ سیستەمێک کە پشت بە پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان بانکە عێراقییەکان و بانکە نێودەوڵەتییەکان ببەستێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە بانکە عێراقییەکان ئامادەن بەم سیستەمە نوێیە کاربکەن، بەڵام بانکەکانی دیکە پێویستیان بە پەرەپێدانی تواناکانیان هەیە، پێشبینیش دەکات ئەم گۆڕانکارییە ببێتە هۆی هەندێک پشێوی لە بازاڕدا لە ماوەی سەرەتای ساڵی داهاتوو، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت کاردەکات بۆ پشتگیریکردنی بانکەکان بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی ئەم قۆناغە تێپەڕێنن.
ئەلتەمیمی ڕوونیشیکردەوە، حکومەتی عێراق بە نوێنەرایەتی بانکی ناوەندی، بەنیازە هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم بانکەکانی عێراق بکات و شیاویان بکات بۆ کارکردن بەو سیستمە نوێیە، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وردبینی دارایی، جەختیشی کردەوە کە ئامانجی ئەم هەنگاوانە بەرزکردنەوەی سەقامگیریی سیستەمی بانکی عێراق و زیادکردنی کاراییانە، کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر ئابووری عێراق بە گشتی .
س: xelk.org