هەورامان نیوز
ھونەرمەند پەرەنگ فەرازمەند: ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی توێژینەوەم لە سەر موزیکی کوردی
ھونەرمەند پەرەنگ فەرازمەند: ھەر خزمەتێک لە دەستم بێ بۆ کوردستان و زانکۆکانی کوردستان درێغی ناکەم
ھونەرمەندی ژەنیار خاتوو(د.پەرەنگ فەرازمەند)،لە بنەماڵەیەکی ھونەری لە ساڵی ١٩٨٢ لە شاری مەھابادی ڕۆژەڵاتی کوردستان لە دایک بووە .لە لە تەمەنی ٩ ساڵییدا بەژەنینی ئامێری پیانۆ دەستی بەھونەری موزیک کردوە.ئەو ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی توێژینەوە لە سەر موزیکی کوردییە وە لەوڵاتی ئەڵمانیا وەکو مامۆستای ئێتنۆموزیکۆلۆژی لە زانکۆی (مارتین لۆتێر )،وانە دەڵێتەوە .لە ئێستادا ھونەرمەند پەرەنگ فەرازمەند ھەموو توانەکانی خۆی تەنیا لە سەر توێژینەوە مەیدانیەکانی لە سەر موزیکی کوردی لە بەشە جۆراو جۆرەکانی کوردستان تەرخان کردوە… ئێمە بەباشمان زانی بۆ ئاشنا بوون لە کارو چالاکییەکانی بەچەند پرسیارێک بەسەری بکەینەوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین ژەنیار(پەرەنگ فەرازمەند) چۆن ئاوێتەی ھونەری موزیک بوو؟
– من لە بنەماڵەیەکی موزیک دۆست لە دایک بووم لە دایکێک کە لەساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، لە ڕادیۆ مەھاباد گۆرانی گوتووە و ھەروەھا ئامێری کەمانی ژەنیوە. ڕۆژانە ماڵەکەمان بە دەنگی موزیک و گۆرانی دەڕازاوە. کەوابوو من لەگەڵ موزیک و گۆرانی گەورە بووم و موزیک ھەمیشە بەشێک لە ژیانی من بووە. ھەر دایکم و باوکییشم ئامێریان دا دەستی من و خوشک و براکانم وە زۆریان بە لاوە گرنگ بوو کە بە شێوەیەکی پڕۆفێشناڵ موزیک فێر بین و لەگەڵ موزیک بژین. لە نێو ھەموو منداڵەکان ھەر من بە شێوەیەکی ئاکادمیک درێژەم بە ھونەر دا بۆیە کەسێک لەکەش و ھەوایەکی ئاوا دا گەورەبووبێت بێگومان ئاوێتەی میوزیک و گۆرانی دەبێت.
*لە نێو ئەو ھەموو ئامێرە موزیکیانە بۆچی تۆ ئامێری پیانۆت ھەڵبژارد؟
– لە ڕاستیدا ھەر دایکم و باوکم ئەو ئامێرەیان دا دەست من، بەڵام من بە ھەموو شێوە خولیای موزیک بووم وە لەفێربوونی پیانۆ سەرکەوتوو بووم. بەڵام کە گەشتمە تەمەنی ١٥ و ١٦ ساڵان خۆم زیاتر لە موزیکی ڕۆژھەڵاتی و تۆنە ڕۆژھەڵاتیەکاندا دەدۆزیەوە وە پەیوەندیەکی ڕۆحی زیاترم لەگەڵ تۆنە ڕۆژھەڵاتیەکان و بە گشتی میوزیکی ڕۆژھەڵاتی و لە سەرووی ھەمووان موزیکی کوردی درووست دەکرد، ھەر لەبەرئەوەش خۆم ئامێری تارم وەکوو ئامێری دووھەم ھەڵبژارد.
*کێن ئەوانەی ھاوکار و پاڵپشتی تۆیان کردوە بۆ ئەوەی بەردەوام بیت و بگەیتە ئەو ئاستەی ئێستا؟
– بە دڵنیاییەوە گەر پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی دایک و باوکم نەبووایە بە تایبەت لە کۆمەڵگایەکی وەکوو ئەو سەردەمی ئێران، ھەرگیز نەمدەتوانی درێژە بە ھونەر بدەم. چوونکە لە ئێرانی ئەو سەردەم دا بەر بەست زۆر زۆر بوو لەسەر ڕێگای ھونەر و ژیانی ھونەری بەتایبەت بۆ خانمان. پاشانیش پاڵپشتی و دڵسۆزی مامۆستاکانم بوو کە زۆر ھانیان دەدام بەرەو پێشکەوتن بچم. ھەر بۆیە ھەمیشە مەمنونیانم و دەستخۆشیان لێ دەکەم.
*بەرێزتان توێژینەوەیەکی تێرو تەسەلتان لەسەر موزیکی کوردی ئەنجام دا کە چەند ساڵێکی خایاند ، دەرئەنجامی بەچی گەیشتی؟
– بەڵێ من ساڵانێکی زۆرە کە سەرقاڵی توێژینەوە لە سەر موزیکی کوردی. وەکوو یەکەم ھەنگاو ھەوڵم دا ژەنینی ئامێرێکی کوردی وەکوو شمشاڵ فێر بم وە ھەروەھا خۆم فێری خوێندنی مەقام و فۆرمە کوردیەکان کرد نەک بۆ ئەوەی ببمە گۆرانیبێژ یا خود شمشاڵژەن، تەنیا بۆ ئەوەی لە دنیا و لە ڕۆحی موزیکی کوردی تێبگەم. پاشان توێژینەوەکانم بەشێوەیەکی مەیدانی ئەنجام دا لە دوایشدا کتێبێکم لە سەر موزیکی کوردانی دیاسپۆڕا لە سوید بە زمانی فارسی نووسی کە بە تەمام وەریگێرمەوە بۆ سەر ئینگلیزی. ئێستاش خەریکی نووسینی کتێبێکم لەسەر بابەتی ھێز و جەندەر لە موزیکی کوردی دا کە بە زمانی ئینگلیزیە وە تا ساڵی داھاتوو بڵاو دەکرێتەوە. دوو ئاڕتیکلیشم لە سەر ئامێرە موزیکیەکان وە ھەروەھا مەقام و فۆرمە کوردیەکانی ناوچەی موکریان نووسیوە. لە داھاتووشدا بە تەمای نووسینی کتێبێکم لە سەر فۆرم و مەقامەکانی ناوچەکانی دیکەی باشوور و باکووری کوردستان.
*لەوڵاتی ئەڵمانیا،مامۆستای ئێتنۆموزیکۆلۆژین لە زانکۆی (مارتین لۆتێر )،دەکرێت باس لە چۆنیەتی خوێندن لەو زانکۆیە بکەیت؟
– لە زانکۆی مارتین لۆتێری ئاڵمانیادا، سێ بەشی جیاوازمان ھەیە لەسەر موزیک کە لێرەدا بە ھەر بەشە دەگووترێ “ئەنیستیتۆ”: ئەنیستیتۆی موزیکی کلیسایی، ئەنیستیتۆی موزیک پێداگۆژی، وە ھەروەھا ئەنیستیتۆی موزیکناسی کە بەشی ئێتنۆموزیکۆلۆژی لقێکە لە موزیکناسی کە چوار قۆناغی بەکەلۆریۆس، مەجستێر و دکتۆرا و پۆست دکتۆرا لە خۆ دەگرێت. ھەڵبەت لە ئەنیستیتۆی موزیکناسی خوێندکاری بەکەلۆریوس و مەجستێر دەبێ لە ھەموو کۆرسەکانی بەشەکانی ئێتنۆموزیکۆلۆژی، موزیکناسی مێژوویی، موزیکناسی سیستماتیک وە ھەروەھا موزیک و میدیا بەشداری بکەن. بەڵام ئازادن کە پڕۆژەی کۆتایی خوێندنیان لە کام لەو بوارانەدا بنووسن. بەڵام لە قۆناغی دکتۆرا و پۆست دکتۆرا تەنیا دەتوانن بۆ نموونە لە سەر ئێتنۆموزیکۆلۆژی تێزەکەیان بنووسن.
* وەکو ژەنیارێک موزیکی کوردی لە ئێستادا لە چ ئاستێک دایە؟
– من حەز ناکەم بە شێوەیەکی ئەرێنی یاخود نەرێنی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە. لەبەر ئەوەی کە لە ھەموو سەردەمێکدا موزیکی ھەموو میللەتان ئاڵ و گۆڕی بەسەر داھاتووە وە ھەمیشە ئەو ئاڵوگۆڕانە لایانگران و کەسانی ڕازی و ناڕازیان ھەبووە. من وەکوو حەقیقەتێکی حاشا ھەڵنەگر چاو لە دۆخی ئێستای موزیکی کوردی بە تایبەت لە باشوور و ڕۆژھەڵات دەکەم کە ستایل و شێوازی جۆڕاوجۆر و ھەمەڕەنگی لەخۆوە گرتووە. زۆر جار شوناسێکی تێکەڵاویان لە موزیکی کوردی و غەیری کوردی بە خۆ گرتووە. لە ھەموو ستایل و ژانرە نەریتی و غەیرە نەریتیەکانیشدا ھەم موزیکی زۆر باشمان گوێ لێیە وە ھەم کاری لاوازیشمان بە گوێ دەگات. بەڵام لە ڕووی ئەوەی کە لە سەردەمی ئێستا دا ھەموو کەس دەزگا و پلاتفۆرمێکی سەربەخۆی تایبەت بە خۆی بەردەستە ھەموو جۆرە بەرھەمێک و بە ھەموو کوالیتیەک بە ئاسانی بڵاو دەکرێتەوە. بۆیە بە لەچاو ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی کارە لاوازەکان لە پەنا کارە زۆر باشەکان زیادی کردووە.
*ھیچ ھەماھەنگیت لەگەڵ ھونەرمەندانی کوردستان ھەیە؟بیرت لەوە نەکردۆتەوە بگەریتەوە کوردستان؟
– بەڵێ من بەردەوام لە گەڵ چەند ھونەرمەندێکی زۆر باش لەپەیوەندی دام و زۆر جار بە سەعات خەریکی گفتوگۆ کردن و ڕا و بۆچوون گۆڕینەوەین وە ھەموو ئەو گفتوگۆیانە بە تایبەت بۆ من وەکوو کۆرسێک وایە کە پڕە لە فێرکاری. بە دڵنیاییەوە پێمخۆشە لە کوردستان بم. بەڵام ھەموو شت پەیوەندی بە دۆخی ژیانی ئاکادمیکی من ھەیە. لە ڕاستیدا تا ئەو کاتەی خەریکی کاری ئاکادمی بم بۆ ھەمیشە ناتوانم لە کوردستان بم . بەڵام ھەر خزمەتێک لە دەستم بێ بۆ کوردستان و زانکۆکانی کوردستان درێغی ناکەم.
*چۆن دەتوانین شوناسی موزیکی کوردی بپارێزنین ؟
– ئەو پرسیارە تۆزێک قورسە! باشترە بڵێم ھەستیارە. لە بەر ئەوەی لە ھەر سەردەمێکدا و لە ھەر بەشێکی کوردستان موزیکی کوردی وەکوو ھی ھەموو میللەتانی دیکە شوناسێکی تایبەت بە ئەو سەردەمی وەخۆ گرتووە. بەڵام بە ڕای من لە ئێستادا خۆ پاراستن لە لە لاسایی کردنەوەی موزیکی تورکی و عەرەبی و فارسی و میللەتانی دیکە وە ھەروەھا تێکنەدانی گوێی بیسەرەکان وە ڕانەھێنانی گوێی ئەوان بە موزیکی غەیری کوردی دەتوانێ زۆر کاریگەر بێ. دەبێ مامۆستاکانیش میتۆدێکی تەواو کوردانە بگرنە بەر بۆ فێرکردنی نەوەی نوێ. ھەروەھا میدیاکان ڕۆڵێکی زۆر سەرەکیتریان ھەیە بۆ پاراستنی شوناسی موزیکەکەمان. ئەوانیش دەبێ تۆزێک ھەستیارانەتر بەرھەم بگەیێننە گوێی بیسەری کورد. ناڵێم شتی سەردەمیانە بڵاو نەکەنەوە بەڵام دەکرێ لە پەنای شتە سەردەمیەکان، بەردەوام فۆرم و دەنگە کوردیە ڕەسەنەکانیش بڵاو بکەنەوە. بۆ نموونە بۆ کوردێکی ڕۆژھەڵات زۆر گرنگە کە گوێی لە مەقامەکانی ناوچەی گەرمیان و کەرکوک و ھەولێر و خانقین ببێ. چوونکە شوناسی کوردی بە ئاگادار بوون لە کەلتووری ھەموو بەشەکانی کوردستان مانا پەیدا دەکات و دەپارێزرێت.
ھونەرمەند پەرەنگ فەرازمەند لەچەند دێرێک دا:
. – لە تەمەنی ھەفدە ساڵیدا دەستی بە فێر بوونی ئامێری تاری ئێرانی کردوە
– دوای تەواو کردنی خوێندن لە قوتابخانە، لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ خوێندنی باڵا لەسەر موزیکی کلاسیکی ڕۆژئاوایی دەچێتە کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران . بەکەلۆریۆس و ماجستێری میوزیک وە پاشان ئێتنۆمیوزیکۆلۆژیی لە زانکۆی تاران تەواو کردوە.
– دکتۆرای ئێتنۆمیوزیکۆڵۆژی لە زانکۆی مارتین لۆتێری لە وڵاتی ئاڵمانیا خوێند وە لە ساڵی ٢٠٢٠ ە وە بۆتە مامۆستای بەشی میوزیکۆلۆژی و ئێتنۆمیوزیکۆلۆژی لە ھەمان زانکۆ دا.
– بۆ ماوەی بیست ساڵ لە چەندین قوتابخانەی موزیک لە تاران و ھەروەھا دوو ساڵ لە زانکۆکانی ئێران وانەی جۆراوجۆری موزیکی وتووەتەوە.
– لە ساڵەکانی ٢٠٠٢ وە ٢٠٠٣ ئەندامی گرووپێکی موزیکی کوردی بووە بەناو( نیشتمان) کە پێکھاتبوو لە کۆمەڵێک لە خوێندکارە کوردەکانی موزیک لە زانکۆ جۆراوجۆرەکانی تاران.
٢٠٠٠ – تا ٢٠٠٧ ئەندامی ئۆرکێسترای زانکۆی تاران وە ھەروەھا ئەندامی ئۆرکێستڕای زانکۆی ڕادیو و تەلەڤیزیۆنی تاران بووە.
– لە ٢٠٠٨ بۆتە ئەندامی ئۆرکێسترای میللی سیمرغ لە تاران.
-لە ساڵی ٢٠٠٦ تاوەکو ٢٠١٢ وەکو پیانیست ئەندامی گرووپێکی سیانی میوزیکی کلاسیکی ڕۆژئاوایی لە تاران کاری کردووە.
-لە ساڵی ٢٠١٣ تا ساڵی ٢٠١٤ مامۆستای موزیک بووە لە زانکۆی سنەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
– لە ساڵی ٢٠٠٣وە تۆژینەوەی لەسەر موزیکی کوردی ڕۆژھەڵات و باشوور و باکووری کوردستان دەستپێکردوە و لە ساڵی ٢٠١٧دا تۆژینەوەکانی گواستۆتەوە سەر موزیکی کوردانی دیاسپۆڕا لە وڵاتی سوید.
– ماستەر و تێزی دکتۆراکەی لەسەر موزیکی دیاسپۆڕای کورد لە سوید بووە، ھەروەھا بابەتی (پەیوەندی دەسەڵات و جێندەری لە موزیکی نەریتی و فرانتەیشناڵی کوردیدا) نووسیوە.
لە ساڵی٢٠٢٠ بۆتە مامۆستای ئێتنۆموزیکۆلۆژی لە زانکۆی مارتین لۆتێر (Martin Luther .University) – لە وڵاتی ئەڵمانیا.
س: chra.tv