هەورامان نیوز
کە شەهید حەمەگوڵپی بویە پاڵەوانی ئەو
داستانە
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا 12/ 8/ 1963 قارەمانیەتییەک تۆمار کرا بە خوێنی گەشی 12پێشمەرگەی گیان فیدا .
گەر لاپەڕەکانی مێژوی خەبات و تێکۆشان وفیداکاری گەلاکەمان ھەڵدەینەوە ، چەندین داستانی قارەمانیەتی و گیان فیدایی تیا تۆمار کراوە لە پێناو ژیانێکی شایستە بۆ هاونیشتیمانیان ، بەڵام بەدەر نەبووە لەلادان و ململانێ ی حزبی نابەجێ .
شیاوی باسە ھەرکەس و لایەنێک کاربکات ھەڵەش ئەکات ، ئەوکەسانە ھەڵە ناکەن کە پاڵیان لێدابویەوە لەکاتێکدا کە دوژمن پیرۆزترین شوێن و بە بایەخترین کتێبی سەر زەوی سوتاند لەکاتی سوتماک کردنی 4500 گوندی کوردستاندا کە ئەوەندە مزگەوت و چەندین ئەوەندە قورئانی پیرۆز سوتا بەڵام جگە لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەهەموو کەم و کورتەکانیەوە بەناوی ترەوە کەس لە مەیدان نەبوو بەڵام دوای ڕاپەڕینی ساڵی1991 ترسیان شکاو ئێستە ئەڵێن ئەگەر ئێمە نەبین ئێوە ئاژەڵن ئێوە ھیچن ئەگەر ئێمە نەبین خاک و نەتەوە ھیچ نرخ و پیرۆزییەکی نامێنێ وەکوو بڵێی ھەر ئەوان بوون بەرگریان لەم خاک و نەتەوە کردبێت .
بەڵام گرنگ ئەوەیە ھێزێک بەناوی کوردەوە بەردەوام بووە لە بەرەنگاری دوژمن بەو کەم و کورتیانەی کە تیا بووە . .
ئەمڕۆ داستانی پردی زەڵم نزیک خورماڵ ئەھێنینەوە یادی یار و نەیارانمان کەلە بەرواری
12/ 8/ 1963بەخوێنی گەشی 12 پێشمەرگەی قارەمان و گیان فیدا تۆمارکرا کەتا ڕۆژی دوایی شانازی پێوە ئەکەین .
لەسەرەتای شەستەکاندا کە شۆڕش دەسی پێکردبوو لە باشوری کوردستاندا چەند ناوچەیەک لەم دەڤەرەی ئێمە ئازاد کرابوون وەک دەور و بەری ھەڵەبجە و شارەزور و ھەورامان کە بوبونە لانکەی شۆڕش .
حەرەس قەومیەکان لە ٨⁄ ٢⁄ ١٩٦٣ بە کۆدتایەک دەسەڵاتی عێراقیان گرتە دەست ھەوڵیاندا ناوچە ڕزگارکراوەکان بگەڕێننەوە ژێر دەستی خویان بۆ ئەو مەبەستە تاوانباری خوێنڕێژ زەعیم سدیق مستەفا فەرماندەی لیوای سەربازی 20 بە چەکی قورس و فڕۆکەوە ڕاسپارد بۆ گرتنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان .
ھەربۆیە لە کەرکوکەوە دەستیکرد بە تۆپبارانکردنی ئەو شار و گوندانەی کە ئەھاتنە ڕێی و ھاووڵاتیەکی سڤیلی زۆری شەھیدکرد و کە گەشتە ناو شاری سلێمانی قەسابخانەیەکی مرۆیی دانا کە تیایا نزیکەی 200 کەسی بێتاوانی شەهیدکرد و زیندەبەچاڵکرد ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ڕەشی 9 حزەیرانی⁄ ١٩٦٣ ناوزەدکراوە .
دوای سلێمانی دەبەندیخانیشی گرتەوە و لە گوندی سیارە 32 ھاوڵاتی بێگوناھی شەھیدکرد دواتر ڕووی لە ھەڵەبجەکرد بەڵام ھێزێکی تۆکمە لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھیزی میللی ناوچەکە بە فەرماندەی پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەکانی خەبات وتێکۆشان ( کاکە حەمەی فەرەج ھەڵەبجەیی) شێر و پڵنگ ئاسا لە پردی زەڵم خۆیان ئامادەکرد بۆ بەرەنگار بونەوە و بەشێک لە پردی زەڵمیان ڕوخاند تا بۆ ماوەیەک ڕێگە لە دوژمن بگرن و کوشتارێکی زۆری لێ بکەن .
ڕۆژە مێژوییە پڕسەروەری و فێداکاری و گیانبازیەکە کە تا ئێستەش ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە تایبەتی ھەڵەبجە و شارەزور و ھەورامان شانازی پێوە ئەکەن بوەتە وێردی سەر زمانیان و دەماو دەم ئەیگێڕنەوە بۆ نەوەکانیان .
ئەوەی کە ھەر نایەتە خەیاڵیان حزبەکانی کوردستانی ئێستایە کەئەبوایە هەموو ساڵێ لەو ڕۆژەدا و لەو شوێنەدا یادی ئەو ڕۆژەیان بکردایەتەوە بە ئەنجامدانی سیمینارێک بەڵام بەداخەوە لایەنەکان لە بری خزمەت خەریکی پاشقول لەیەکگرتنن و پەرت و بڵاون و وا خەریکە (دڵ و قودس)ەکەی کوردستان لەدەسئەدەن ، ئەمساڵ بە تکا و ڕجا دووساڵ پارێزگاریان وەرگرتوە لە چوار ساڵەکە ، چوار ساڵی دوای ئەم خولە لە چوار ساڵەکە ئەبێتە یەک ساڵ لە کۆتاییدا جێگری پارێزگا باڵاترین پۆستی کورد ئەبێت لە کەرکوک
یەکەم ڕۆژی داستانەکە قارەمانانە بەو چەکە سوک و کۆنانە کە پێیان بوو لە ھەموو لایەکی دەور و بەری پردەکەوە لە ئامادە باشیا بوون و لە کاتژمێری سفردا لە ڕۆژی 12/ 8/ 1963 شەڕ دەسی پێکرد و پڵنگ ئاسا بەرگرییەکی کوردانە و جوامێرانەیان کردە سەر سوپاکە و ئەو ڕۆژە سوپای عێراق تێک شکا و پاشەکشەی کرد بەکەلاک و سەرشۆڕییەوە گەڕانەوە بۆ مۆڵگاکانیان لە سیدسادق .
سەرکەوتنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو داستانەدا بە خوێنی گەشی 12 پێشمەرگەی پاڵەوانی کوردستان نەخشێندرا کە شەھید ( محمد احمد حملە) ناسراو بە شەھید( حمە گوڵپی) بویە پاڵەوانی ئەو نەبەردیە .
بەداخەوە تائێستا نەمانتوانیوە ناوی تەواوی ئەو شەھیدانە بزانین بەڵکو تەنھا ناوی نۆیانمان زانیوە بەنیوە نا چڵی .
لەخوارەوە ناوەکانیان :–
١- محمد احمد حملە ناسراو بە حمە گوڵپی .
٢- سابیر حمە حسن برای کاک نازمی نانەوا ⁄ خورماڵ .
٣- علی احمد ناسراو بە( علی ئەحە کەچەڵ)ھەڵەبجەی
٤- حسن قادر ھانەسوریی .
٥- عینایەت ئەحمەد محمود ئئێناخی
٦- حمەعلی حمەئەمین ئێناخی
٧- میرزا ئەمین دەرەقەیسەری بیارە .
٨- محمد عبدالعزیز ئێناخی .
٩- میرزا عبدالعزیز ئێناخی .
١٠- …………
١١- …………
١٢- …………
————
ناوی ژمارە ( ٨ — ٩) لەگەڵ چاککردنی ناوی(٥–٦) لە زۆر بەڕێز کاک ئازاد حمەامین گوڵپیم وەرگرت بە هاوکاری کاک کاوە دێکۆنی و کاک محمود کریم خورماڵی و کاک جمال کاکەشا .
——–(((———
سوپای عێراق تۆڵەی شکستی خۆی بە بۆردومانکردنی گوندکان و کوشتنی خەڵکی سڤیل ئەکردوە بۆ نمونە لەئەنجامی تۆپبارانکردنی گوندەکانی کوڵکنیەکان ئەم بەڕێزانە شەھید بوون:–
١- احمد فقێ کرم .
٢- ئامینە احمد عبدالمحمد ئامینە خان خەڵکی مەلاوەیسە بووە و لە کوڵکنی شویکردووە دوو کوڕی و کچێکی هەیە بەناوەکانی ( ابراهیم و عمر و سوعاد) خوشکی هاوژینی خاڵۆ حاجی ساڵحی گێڵەکە ..
٣- مناڵێکی ( ٢–٣) ساڵان کە ناوی نەزانراوە .
لەم داستانەدا ناوی شەھید حمە گوڵپی وەک سومبلێک وەک پاڵەوانێک و سەرقافڵەی شەهیدان ئەژمار ئەکرێت چونکە کە باسی شەڕی پردی زەڵم ئەکەیت یەکسەر حمە گوڵپیت یەتەوە یاد ئەو گیان فیدا و بوێر و چاونەترس و ئازا و خۆنەویستە بوو کاتێ فیشەکی پێ نامێنێ لە سەنگەرەکەی دێتە دەرەوە و خەنجەرەکەی بەرۆکی دەردێنێ و بەرەو ڕوی ئەو سوپا زەبەلاحە ئەڕوات بێ سڵەمینەوە لە مردن و سەرئەکەوێتە سەر دەبابەی نزیکی و بە خەنجەرەکەی عەدەد ڕەشاشی سەر دەبابەکە ئەکوژێ بەڵام ئەفسوس دەبابەی دواتر بە گوللەی دۆشکە شەهیدی ئەکات و خوێنی ئاڵ و پاک و پیرۆزی بەقەد دەبابەکەدا دێتە خوارەوە کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی تا نەمرین ناسرەوین تەنانەت بەسوکترین چەکیش بەرەنگاری پڕ چەکترین سوپا ئەبینەوە ئەوە ئاماژەیە بۆ بڕوای بەهێزمان بە ڕەوایی بەدیهێنانی مافی ڕەوای گەلەکەمان .
حمەگوڵپی لە سەنگەرەکەیدا بە بێ فیشەک نەمایەوە نەوەک بچنە سەری و بە زەلیلی شەهیدی بکەن و تاکە بەرگریکار پێی مابوو خەنجەرەکەی بەرۆکی بوو .
حمەگوڵپی بۆ ئەوە نەچووە سەر دەبابەکە تاکوو بە خەنجەرەکەی تێکی بشکێنێ یان دەسگیری بکات .
بۆ ئەوە چووە سەر دەبابەکە تا بیسەلمێنێ کەتا دوا هەناسەی بە هەر شێوەیەک بێت بە ورەیەکی پۆڵاینەوە بەرەنگاری دڕندەترین دوژمن ببێتەوە لەبەر ئەوە ڕێگەی بەخۆی نەدا تا شەهید نەبێت نەسرەوێت و ئەوەی پێی ئەکرێت بیکات لە پێناو خاک و نەتەوەکەی بە شکۆ و مەردانە گیان بسپێرێ .
،شەھیدانی کوردستان بەو شێوە کردیان بەداخەوە ئێستە لەسەر پلە وپۆست و دراو شەڕیانە و لەدوای 33ساڵ ئیدارەدانی سەقەت چەند کەسێکی نەزانی و بەرژەوەندی پەرست وا خەریکە قەوارەی هەرێمەکەمان لە نێو ئەبەن .
کە ھێزەکەی دوژمن لەیەکەم ڕۆژدا ئەکشێتەوە و ئەگەڕێنەوە بۆ سید سادق تەرمی پیروزی حمە گوڵپی ڕائەکێشن بە دوای ئەو دەبابەیەدا کە عەدەد ڕەشاشەکەی لەسەر کوشتبوو تاکوو سیدسادق ، سێ ڕۆژ لەسەر جادی سیدسادق تەرمەکە دائەنێن تاکوو خێرخوا مۆڵەت لە سوپای داگیرکەر وەرئەگرن و لە سیدسادق بە جلە خوێناویەکەیەوە بە خاکی ئەسپێرن .
تۆی بەڕێز ئەو داستانە بێنەرە بەرچاوی خۆت و بەراوردیان بکە بە کەش و فشی ئەمانە مەگەر لە فڕۆکەوە خەڵک ببینن .
ئەم داستانە لە هەر وڵاتێکی تردا ڕوی بدایە بە دەیان کتێب و فلیمیان لەسەر دەرەکرد و خەڵاتی بەهاداریان ئەبەخشییە کەس وکاری شەهیدان و مردووە زیندوەکان بەڵام چونکە ئێمە خاوەنمان نیە و دوژمن بوەتە چاو ساغمان ئەوەتا خۆرمان لە ئاوا بوندایە .
حمە گوڵپی لە ساڵی ١٩٣٠ لە گوندە چوارسەد ماڵەکەی گوڵپ لەدایک بووە ئەو گوندە سەنتەرێکی بازرگانی ناوچەکە بووە خەڵکی لە ئێرانەوە شمەکی بردووە بۆ شام و بەپێچەوانەوە و لە گوندی گوڵپ حەساوەتەوە ، چەندین پیشەی تیا بووە قەیسەری تیا بووە کەخۆم بینیومە ، بەڵام لە سایەی حکومەتی کوردیەوە ئێستا چۆڵە .
حمە گوڵپی خویندەواری ھەبوە لە ساڵی ١٩٥٧ ئەبێتە پۆلیس لەبەر خوێنەوارییەکەی لە ئیدارەی پۆلیسخانەکە دائەنرێ دواجار ئەگوازرێتەوە بۆ مەخفەری پۆلیسی گوندی سۆسەکان نزیک تەوێڵە .
لەساڵی ١٩٦٢ مەرکەزی پۆلیسی سۆسەکان تسلیم بە پێشمەرگە ئەکات .
شەھیدی نەمر چوار کوڕی ئەبێت بەناوەکانی ( د.فایەق حمە گوڵپی ،د. ناجح ، تاریق ، نامیق) تاریق و نامیق شەھیدئەکرێن لەگەڵ کچێکی بچوکیان) ، حەفسەسلیم ھاوسەری لە کیماویبارانی ھەڵەبجەدا شەھید ئەبێ ، برایەکی بەناوی ( اسکندەر) لە موسڵ لە سێدارە ئەدرێت .
بەرزو پیرۆز بێت یادی 61 ساڵەی شەھیدان پردی زەڵم و ھەموو شەھیدانی ڕاستەقینەی کوردستان.
سەری ڕێز و نوازش و خۆشەویستی دائەنەوێنین لە بەردەم شەھیداندا .
خاک و نەتەوەکەمان لا پیرۆز و خۆشەویستە و خۆشمان ئەوێ چونکە لە ئامێزیا ئەژین و ئەمرین و ئەوەی ھەمانە لە ناو ئەم خاک و نەتەوەیەدا پەیدامانکردووە و لەبەر ئەوە نابێت نمەک حەرام و سپڵە و بێ وەفا بین بێ ڕێزی پێ بکەین و ئەبێت پیرۆزترین خاک بێت لامان لە ڕوی نەتەوەییەوە .
مامۆستای بەڕێز شوانە کوردە بیارەیی لە کۆمێنتا نوسیویەتی کەئەم پێشمەرگە بەڕێزانەی خوارەوە بەشدار بوون لە داستانی پردی زەڵمدا :–
١- محمود مچەکوردە بیارەیی برینداریش بووە
٢- شەھید علی شیعە .
٣- علی محمدعبدل حمید ناسراو بە ( علی کوڕ)
٤- کوێخاامین دەگا شێخانی شەھید بووە .
٥- بابا عابد بیارەیی .
٦- امین حاجی حمەوەیس بیارەیی .
٧- جلال مولود ناسراو بە ( کاکەلە)ئەم بەڕێزە عەدەد ڕەشاشی برێن بووە لەسەر گردەکەی گوندی( گردی گۆ) تا دوا فیشەکی داکۆکی کردووە .
دوا پێشمەرگەی ئەم داستانە کەلە ژیاندا مابێت و من بیناسم مام ( کاکەلە) بوو کە ویستم چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکەم دەربارەی داستانەکە بەڵام بەداخەوە هەواڵم زانی وتیان نەخۆشە و توانای وەڵامدانەوەی نیە بە هیواین زوو چاک بێتەوە بەداخەوە ئەمیش وەفاتیکرد .
———–
ناوی سێ شەهیدمان ماوە بەداخەوە تا ئێستا ناوەکانیانمان دەسنەکەوتووە .
تکا لەهەر بەڕێزێک ئەکەین کە ناوی ئەو سێ شەهیدە ئەزانێ لە ڕێگەی کۆمێنتی ئەم پۆستەوە بۆم بنێرێ سوپاسی ئەکەم . خزمەتێکیشە بەو شەهیدانە .
———–
هەر بەڕێزێک هەر تێبینیەک هەر ڕاستکردنەوەیەک هەر ڕەخنەیەک هەر زیادکردنێکی هەیە ئەیخەمە سەرچاوم ئەگەر پەسەندبوو تۆماری ئەکەم لە یادکردنەوەکەدا .
عمر عبدالقادر خورماڵی
12/ 8/ 2024
سلێمانی



